بافڵ جەلال تاڵەبانی: سەقامگیریی ژیانی خەڵک هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە و لێی لانادەین

کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و کۆنگرێسمان تیم بێرچێت، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان تیم بێرچێت، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران 'کۆمارییەکان' کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عیراق، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەکراوە و سەرۆکی یەکێتی "پەرۆشیی حیزبەکەی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپاتکردەووەتەوە".

سەرۆکی یەکێتی گوتووشیەتی، "بەردەوامی و سەرکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عیراق فاکتەری سەقامگیریی وڵات و بەرەوپێشچوونێتی لەبوارە جیاوازەکاندا".

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکۆبوونەوەکەدا باسیلەوەشکردووە، "سەقامگیریی ژیانی خەڵک و حوکمڕانییەکی تەندروست هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەن و لێی لانادەین".