حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاوەڕێین حکومەتی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆران خەرجبکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت ئەرک و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئایاری 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەی هەفتانی خۆی بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "دووپاتمان کردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە".

راگەیەندراوەکەی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە( میزان المراجعة)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە".

دەشڵێت، "چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر".

لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، راگەیەندراوەکە باسی لەوەکردووە، "لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەژماری من."

بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و راگەیەندراوەکە دەڵێت، "ئەنجومەن بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی". دەشڵێت،"پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات".