دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق. فۆتۆ: ماڵپەری دادگای فیدراڵی

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی 12ی ئایار، دادگاکە لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە کە سێ لەو سکاڵایانە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.

سکاڵای یەکەم لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراوە.

سکاڵاکار لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەیەدا، داوا دەکات دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە بەردەوامبوونی کارکردن بە بڕیارى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان.

سکاڵای دووەم لەلایەن پارێزەرێک بەناوی بەرهەم رەئوف، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

لەناوەڕۆکی سکاڵاکەیدا، ئەو پارێزەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەکات، کە کۆت و بەندەکانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس کردووە و بەگوێرەى هەموارەکە، رێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

سکاڵای سێیەم، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر لە سلێمانی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکار داوا دەکات بڕیار دەربکرێت بە نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە (3)ـی ساڵی 2006.

هەر لە سکاڵاکەیدا وەهاب هەڵەبجەیی داوایکردووە، سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگاکانی هەولێر لە دژی دەرکراون هەڵبوەشێندرێتەوە.

دادگای تاوانەکانی هەولێر، "بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان"، بەشێوەی نائامادەیی سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب باقی مەجید و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانی دەرکرد.