وادەی یاسایی بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کۆتاییهات

هاوڵاتییەکى ئێرانى لە تارانى پایتەخت بە بەردەم پۆستەرە هەڵواسراوەکانى بەربژێرانى هەڵبژاردنەکەى ئەو وڵاتەدا دەڕوات. فۆتۆ: AFP

دوای هەفتەیەک لە بانگەشە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 9ـی ئایاری 2024، وادەی یاسایی بانگەشە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کۆتاییهات، بڕیارە سبەی 10ـی ئایاری 2024 لە 15 پارێزگا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران بکرێنەوە.

دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان چارەنووسی ئەو 45 کورسییە یەکلاییدەکرێتەوە کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمان یەکلایینەکرایەوە، تێیدا بەربژێرەکان نەیانتوانیبوو بەربەستی 20%ـی دەنگەکان ببڕن.

دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاماژەی بەناوی ئەو پارێزگایانە کرد، کە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەوانیش بریتین لە، تاران 16 کورسی، ئەسفەهان یەک کورسی، ئەلبورز یەک کورسی، خوراسانی باشوور یەک کورسی، خوراسانی رەزەوی دوو کورسی، ئازەربایجانی رۆژهەڵات شەش کورسی، خوزستان سێ کورسی، زەنجان دوو کورسی، فارس پێنج کورسی، کرماشان دوو کورسی، مازەندەران دوو کورسی، لۆڕستان دوو کورسی، گوڵستان یەک کورسی و هەمەدان یەک کورسی.

هاوکات، بە هادوری جەهرەمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممە 7ـی ئایاری 2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردن لە قۆناغی دووەمدا لە هەشت بازنەی هەڵبژاردنی تەورێز، تاران، ئابادان، شیراز، کرماشان، خورامئاباد، قایمشار و مەلایر بە شێوەیەکی تەواو ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت.

گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەیبەوەشکرد، لە تاران بۆ هەر لقێک چوار سندوقی ئەلیکترۆنی و بۆ هەر لقێک لە باقی بازنەکانی هەڵبژاردن سێ سندووقی ئەلیکترۆنی هەیە، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە لقەکاندا نەبێت و دەنگدەران بە ئاسانی دەنگی خۆیان بدەن.

لە رۆژی 2ـی ئایاری 2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، تاوەکو بەرەبەیانی 9ـی ئایاری 2024 بەردەوامبوو، سبەی 10ـی ئایارلە 15 پارێزگا و 22 و بازنە، هەڵبژاردن ئەنجام دەدریت.

رۆژی 1ـی ئازاری 2024، دوانزەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تیایدا بۆ پەرلەمان 15 هەزار و 200 بەربژێر رکابەریان دەکرد لەسەر 290 کورسی و بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانیش 184 کەس رکابەریان لەسەر 88 کورسی ئەنجوومەنەکە دەکرد، دوای سێجار درێژکردنەوەی ماوەی دەنگدان کاتژمێر 12:00ـی شەو بەکاتی تاران وکاتژمێر 11:30 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن کۆتاییهات، لە هەڵبژاردنەکەش زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.