لە بەسرە پیاوێک دواى کوشتنى 12 ئەندامى خێزانەکەى خۆشى کوشت

كۆبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان لە شوێنی رووداوەكەی بەسرە. فۆتۆ: كەناڵ8

لەپارێزگاى بەسرەى باشوورى عێراق، پیاوێک بەهۆى قەرزارییەوە دواى کوشتنى 12 ئەندامى خێزانەکەى خۆشى کوشت و رووداوەکەش کاردانەوەی ناوخۆی و دەرەوەی عێراقی لێکەوتەوە.

ئەحمەد رائد، پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەسڕە لەبەردەم ئەو ماڵەى تاوانەکەى تیادا ئەنجامدرابوو رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو پیاوەى سەرجەم ئەندامانى خانەوادەکەى کوشتووە، قەرزار بووە. 

گوتیشى، پیاوەکە 12 ئەندامى خێزانەکەى کوشتووە، 8 کەس لەوانەى کوژراون، ژن و منداڵى بکوژەکە بوون و ئەوانى دیکەش بەهەمانشێوە لە کەسە نزیکەکانى بکوژ بوون، دواى کوشتنى هەموویان بکوژەکە خۆشى کوشتووە و لەنێو کوژراوەکاندا منداڵى ساوا هەیە.

هاوکات، لیژنەی ئاسایشی پارێزگای بەسرە رایگەیاندووە، بکوژەکە  نزیکەی دوو ملیار دینار قەرزاربووە و دواتر ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.

پۆلیسی شارەکەش رایگەیاندووە، دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لە داهاتوو زانیاری زیاتر ئاشکرادەکەن.