ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوایین کۆبوونەوەی ئەم وەرزەی یاسادانان ئەنجامدەدات

دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: ماڵپەری فەرمیی پەرلەمانی عێراق

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و لە یەکێک لە بڕگەکاندا تاوتوێی پرۆژەیاسایەک بۆ چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەی موڵکایەتی لە عێراقدا دەکرێت.

بە گوێرەی بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ 9ـی ئایاری 2024 لە کۆبوونەوەی ئاساییدا، دەنگدان بۆ دوو پرۆژەیاسا دەکرێت، یەکێکیان هەمواری نۆیەمی یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ژمارە 40ـی ساڵی 1988ـە، ئەوەی دیکەیان دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پشووە فەرمییەکان دەکرێت، لە دوایین بڕگەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان دەکرێت کە بەهۆی هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی "سەرکردایەتی شۆڕشی" سەردەمی بەعس گۆڕانکاریی لە خاوەندارێتی موڵکەکاندا کرابوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی سێیەم ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتاییدێت و پشووی یاسادانان تاوەکو رۆژی 9ـی حوزەیران بەردەوامدەبێت، لە کاتێکدا هێشتا سەرۆکى نوێ بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران دیارینەکراوە.