لەماوەی حەوت رۆژدا چوار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 30 نەوجەوان لە کاتی کۆڵبەریدا لەسەر سنوورەکاندا برینداربوون و کوژراون. فۆتۆ: ماڵپەری كۆڵبەر

ماڵپەڕی رێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا چوار کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران، لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، ئەو چوار کۆڵبەرەی کوژراون خێزانداربوون خاوەنی منداڵ بوون، دوو لە کۆڵبەرەکانیش لە سنووری هەنگە ژاڵی بانە کوژراون.

رێکخراوەکە ناوی ئەو چوار کۆڵبەرەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، یەکێک لە کوژاروەکان خاوەنی پێنج منداڵ بووە، بە کوشتنی ئەو چوارکۆڵبەر 10 منداڵ بێباوک بوون، هەر چواریان لە دوورییەکی نزیکەوە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لە سنگ و سکیان گیانیان لە دەستداوە.

چوار کۆڵبەرە کوژاروەکە بریتین لە، هێمن ئەحمەدی، تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی سەقز، خێزاندار و باوکی منداڵێک، رۆژی 1ـی ئایاری 2024 لە سنووری بەسام لە سەقز کوژراوە، جەلال سۆهرابی، تەمەن 43 ساڵ خەڵکی شاری بانە و خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، لە 2ـی ئایاری 2024 لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژراوە، عەتا رۆستەمپوور، تەمەن40 ساڵ و خەڵکی سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، لە سنووری هەنگەژاڵی  بانە کوژرا و محەمەد قادری، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە، لە سنوری بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لەساڵی 2023، بە گشتی 444 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەکو تەقەی راستەوخۆ، رەنووی بەفر، تەقینەوەى مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون، لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی 44 کۆڵبەر کوژراون و 400 کۆڵبەری دیکە برینداربوون،37 لەو کۆڵبەرە کوژراوانە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.