پەرلەمانی کەنەدا پرۆژەیاسای دانانی سوپای پاسدارانی لە لیستی تیرۆردا پەسەندكرد

سوپای پاسداران. فۆتۆ: AP

پەرلەمانی کەنەدا بە کۆی دەنگ پرۆژەیاسای بە تیرۆرناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی پەسەند کرد.

پێشنیازەکە لەلایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی کەنەداوە پێشکەشکرابوو، کە داوایان لە حکومەت کردووە سوپای پاسداران وەک "قەوارەیەکی تیرۆریستی" لە کەنەدا دەستنیشانبکرێت.

پەرلەمانتارانی کەنەدا بە کۆی دەنگی تەواوی ئەندامان، کە ژمارەیان 327 پەرلەمانتارە، پرۆژەیاساکەیان پەسەند کرد.

ماوەیەکە حکومەتی کەنەدا رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران، بەگوێرەی یاسای تاوانەکان وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

دوای ئەوەی ئێران هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کەنەدا داواکارییەکانیان زیاترکرد بۆ دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا.

پرۆژەیاساکە حکومەت پابەند ناکات بە سەپاندنی بڕیارەکە و جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، حکومەتەکەی بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەرپرسیارانە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

لیبراڵەکانی کەنەدا لە ساڵی 2018 دەنگیان بە پێشنیازێکی هاوشێوەدا.

پارتی پارێزگاری لیبراڵەکانی کەنەدا، دەسەڵاتیان بە دواخستنی بڕیاری دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا تۆمەتبار کرد.

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی PS752، ساڵانێکە داوا لە حکومەتی کەنەدا دەکەن کە سوپای پاسدارانی ئێران وەک "دامەزراوەیەکی تیرۆریستی" بناسێنێت.

ئەو فڕۆکەیە دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە، لە 8ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خرایەخوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی کە 176 کەسبوون، گیانیانلەدەستدا و لەناویدا 55 هاوڵاتی کەنەدی و 30 دانیشتووی کەنەدی بە رەگەزنامەی جیاوازەوە تێدا بوو.