لوقمان وەردی لەباری هەڵبژاردنەوە: دوو ساڵە پارتی هەوڵ دەدات دیزاینێكی تایبەت بۆ خۆی بكات

لوقمان وەردی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی. فۆتۆ: كەناڵ8

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵیداوە دیزاینێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردن بكات و ئەوەش سەری نەگرت.

لوقمان وەردی، ئەندامی سەركردایەتيی یەكێتی لە میانەی بەشداییكردن لە گەشتی هەواڵەكانی كاتژمێر 12:00ـی كەناڵ8 گوتی، پاساوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دروستنین و لە بەرژەوەندی پرۆسەی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان نین، بۆیە یەكێتی لە دواخستنی هەڵبژاردن نیگەرانە.

گوتیشی، هەڵبژاردن مافێكی هاونیشتمانيیانە و دەبێت هەر چوار ساڵ جارێك ئەم مافەی پەیڕەو بكات و نەخشەڕێگای ئایندەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان دیاریبكات.

باسی لەوەشكرد، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پارتی هەوڵيداوە لە رێگای كۆمیسیۆن، ئەنجوومەنی دادوەریی و وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستانەوە دیزاینێكی تایبەت بۆ خۆی بكات، ئەوە سەری نەگرت وبڕیاری دادگای فیدراڵی دەرچوو، هەموو هەوڵێكیاندا هەڵبژاردن لەو وادەیەدا نەكرێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە، لەكاتێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش جێگری سەرۆكی پارتییە.

لوقمان وەردی گوتیشی، بەرلەوەی ئەمە رێزنەگرتن بێت لە پرۆسەیەك كە پەیوەندیدارە بەتەواوی مافی هاونیشتمانیان، رێزنەگرتنیشە لەو وادەیەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵە، كە بە دڵنیاییەوە لە سەركردایەتی خۆشیان ئەو كاتە تاوتوێ كراوە.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی راشیگەیاند، هەوڵەكان لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە بە دەرچوونی فەرمانی سالاریی "ئەمر ولائی" بۆ راگرتنی كارەكانی كۆمیسیۆن، ئەوەمان پێدەڵێت كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەستەمە بكرێت و پێویستە وادەیەكی دیكە دابنرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوەش پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە و ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای دۆستەكانیشمان بەشێوەیەكی دیكە سەیردەكرێت، بۆیە یەكێتی سكاڵای تۆماركردووە و تانەی لەبڕیارەكە داوە، ئومێدەوارن هەموو هەوڵێك بدرێت و هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت".