بافڵ جەلال تاڵەبانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندایە

کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مایک گارسیا، ئەندامی لیژنەکانی هەواڵگری و بەرگری 'لیژنەی پرۆگرامی راهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە' لە ئەنجوومەنی نوێنەران

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەمان و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە واشنتن لەگەڵ مایک گارسیا، ئەندامی لیژنەکانی هەواڵگری و بەرگری 'لیژنەی پرۆگرامی راهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە' لە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی یەکێتی و ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا "داڕشتنەوەی ستراتیژێکی نوێ لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان" گفتوگۆی لێکراوەتەوە و بەپێویستییەکی قۆناغەکە وەسفکراوە.

راگەیەندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەشکردووە، "گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە و سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، "هەوڵی ئێمە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ملاملانێکان".

گوتووشیەتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندایە".