قوباد تاڵەبانی: دواخستنی هەڵبژاردن زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت

کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، دواخستن و پەکخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی دەگەیەنێت.

لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، "پێشتر هۆشداریماندابوو کە هەر هەنگاو و هەوڵێک بۆ دواخستن یان پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان و شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و داهاتووی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە چارەنووسێکی نادیاردا نەهێڵدرێتەوە".

جێگری سەرۆکوەزیران جەختیلەوەشکردووەتەوە، "هەڵوێستیان سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ڕوونە و لە نیگەرانیانەوە بەرامبەر بە داهاتووی هەرێم سەرچاوەی گرتووە".