پاسەوانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەخرێنەسەر وەزارەتی ناوخۆ

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەخرێنەسەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکی نوێیان پێدەسپێردرێت.

بە گوێرەی نووسراوێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ 9ـی ئایاری 2024 دەرچووە و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان واژۆی کردووە، تیایدا هاتووە، "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیار درا بە دامەزراندنی هەموو پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە گرێبەستێکی نوێ لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ".

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆی ئەو سێ پاسەوانەی پێشتر بۆ پەرلەمانتاران دابینکراوە، پاسەوانێک بۆ ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ هەریەک لە ئەندام پەرلەمانەکان بەردەوام دەبن و دوو پاسەوانەکەی دیکەش دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکی نوێیان پێ دەسپێردرێت.

هەر بە گوێرەی نووسراوەکە، دوای تەواو بوونی ماوەی یەک ساڵەکە، ئەو پاسەوانانەی لەگەڵ پەرلەمانتارەکان بوون، دەخرێنە سەر سەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکی نوێیان پێ دەسپێردرێت و لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.