خامنەیی لەكاتی دەنگداندا: پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەكاتی دەنگدان. فۆتۆ: AP

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی وڵاتەکەی دەنگیدا و داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن.

عەلی خامنەیی لەكاتی دەنگداندا گوتی، "گرنگی قۆناغی دووەمى هەڵبژاردن هیچی کەمتر نییە لە قۆناغی یەکەم، پێویستە خەڵک بەشداریی بکەن، هەڵبژاردن نیشانەی بوونی خەڵک و ئیرادە و بڕیاردانی خەڵکە، ئەرکی نیشتمانی هەرکەسێکە بیەوێت پێشکەوتن لە وڵات ببێت".

گوتیشی، "لە قۆناغی دووەمى هەڵبژاردندا توانای پەرلەمان تەواو دەبێت، ئەگەر لە قۆناغی یەکەم بەشداری بکەین و ئەوانی دیکە بمێننەوە و بەشداری نەکەن ئەوە کارەکە ناتەواو دەبێت، هەڵبژاردن لە خۆیدا کارێکی بنەڕەتی و گرنگە بۆ وڵات و گەل".

ئەمڕۆ هەینی 10ـی ئایاری 2024، لە 15 پارێزگای ئێران گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و چارەنووسی ئەو 45 کورسییە یەکلاییدەکرێتەوە کە لە گەڕی یەکەم یەکلایینەکرایەوە، تێیدا بەربژێرەکان نەیانتوانیبوو بەربەستی 20%ـی دەنگەکان ببڕن.