سعودیە بۆ حەجی ئەمساڵ تاکسی فڕیو بۆ حاجیان دابین دەکات

سعودیە تاكسی فڕیو بۆ حاجیان دابین دەكات.

وەزارەتی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی لۆجستی سعودیە رایگەیاند، بۆ باشتر بەڕێوەچوونی رێورەسمى حەجی ئەمساڵ و هاوکاریی حاڵەتە کتوپڕەکان، تاکسی فڕیو لە هەندێک شوێن و بارودۆخدا بۆ حاجیان دابین دەکەن.

وەزارەتی گواستنەوەی سعودیە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، چەندین کۆمپانیای گواستنەوە لە سعودیە، پێشبڕکێیانە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گواستنەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمەکانی فەریزەی حەجدا، بۆیە دەبێت بەگوێرەی پێداویستی و بارودۆخی حەج، گۆڕانکاریی لە هۆكارەكانی گواستنەوە بکرێت، بە تایبەت لەکاتی بەڕێوەچوونی قەرەباڵغییەکی وەکو رێورەسمى حەج.

وەزارەتی گواستنەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی لۆجستی لە کاتی حەجدا، شانبەشانی کەرتەکانی دیکە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە دیووە، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەش لە پێناو هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیانە بەشێوەیەکی ئارام و بێ هیچ کێشە و رووداوێکی نەخوازراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان، سەرەڕای ئەو خزمەتگوزارییانە، 38 هەزار كارمەندی راهێنراوی پسپۆڕ، بەشدارن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری وشکانی و ئاسمانی و هێڵی ئاسن لە کاتی بەڕێوەچوونی حەجدا.

ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج روو لە سعودیە دەکەن، ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ لەو وڵاتە دەمێننەوە.