ئەمڕۆ دوو كورسیەكەی پارێزگای كرماشان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران یەكلایی دەبنەوە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران. فۆتۆ: AP

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەو دوو کورسییەى پارێزگاکە یەکلادەکرێنەوە کە لە گەڕى یەکەمى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا بەربژێرەکان نەیانتوانى بەربەستى 20% ببڕن.

محەمەد تەیب سەحرای، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، پارێزگای کرماشان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترلە دوو ملیۆن کەس دەبێت، لە گەڕی یەکەم 278 بەربژێری بۆ بەدەستهێنانی هەشت کورسی پێشبڕکێیان کرد لە خولی یەکەمدا، یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لەم پارێزگایەدا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گەڕی یەکەم شەش کورسی بۆ پەرلەمان مسۆگەرکرا و ئەمڕۆش دوو کورسیەکەی دیکەی یەکلادەبنەوە.

لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمان یەکلاکراونەتەوە و تەنیا دوو کورسی لە سێ کورسییەکەی بازنەی شاری کرماشان و دوو کورسیی بازنەی خوڕەمئاوا لە پارێزگای لۆڕستان نەبێت، ئەمڕۆ یەکلادەکرێنەوە.

پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان سنە، ئیلام، ورمێ بەربژێرەکانیان توانیان لە گەڕی یەکەم بەربەستی 20%ـی دەنگاکان ببڕن و کورسییەکانیان مسۆگەر بکەن، پارێزگای سنە ژمارەی بەربژێرەکانی لە گەڕی یەکەمی قۆناغی دوانزەیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان 184 کەس بوو، ژمارەی کورسیەکانیشی شەش کورسی بوون و تێکڕایان لە گەڕی یەکەم مسۆگەر کرد.

پارێزگای ئیلام، ژمارەی بەربژێرەکانی 88  كەس بوون، لە گەڕی یەکەم  چوار لە بەربژێرەكان توانیان بەربەستی 20% دەنگەکان ببڕن و هەر چوار کورسییەکە مسۆگەر بکەن، پارێزگای ورمێش 184 کەس بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسی پەرلەمان کێبڕکێیان کرد، توانیان لە گەڕی یەکەم هەر 12 کورسیەکە مسۆگەربکەن.

 لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا کە لە 1ى ئازارى 2024 بەڕێوەچوو، چارەنووسی 245 کورسیی پەرلەمان لە کۆی 290 کورسی یەکلابووەوە، بەگوێرەى وەزارەتی ناوخۆی ئێران زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی 12ـەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی ئاشکرا کرد و بەگوێرەی ئەنجامەکان، کەمترین رێژەی بەشداری لە تاران و بەرزترین رێژەش لە کوهگیلۆیە و بویر ئەحمەد بووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەمترین رێژەی بەشداری لە سنە و بەرزترین رێژەش لە پارێزگای ئیلام بوو.

رێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڕی یەکەم بەم جۆرە بوو

پارێزگای ورمێ: 46.40٪

پارێزگای کرماشان: 39.47٪

پارێزگای ئیلام: 53.30٪

پارێزگای سنە: 30.53٪