قاسم ئەعرەجى: نیوەى دانیشتووانى کەمپى هۆل عێراقین

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP

قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ژمارەى دانیشتوانى کەمپى هۆل لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بۆ 43 هەزار کەس دابەزیوە، لەو ژمارەیەش نیوەیان عێراقین.

ئەعرەجى لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس ئاماژەى بەوەکردووە، ژن و منداڵى چەکدارانى داعش کە خەڵکى 60 وڵاتى جیهانن لە کەمپى هۆلن و دواى هەوڵە بەردەوامەکانى عێراق، 24 وڵاتى دیکەش دەستیانکردووە بە وەرگرتنەوەى هاوڵاتیەکانیان.

گوتیشى، "بەمدواییانە رووسیا 32 منداڵى وەرگرتووەتەوە کە 12 کچ و 20 کوڕى تەمەن پێنج بۆ17 ساڵ بوون، 60 خێزانى سووریش دواى وەرگرتنى بەڵێنى عەشایەرى گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانى خۆیان لە دێرەزوور".

راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق راشیگەیاندووە، "ژمارەى نیشتەجێکراوانى کەمپى هۆل بۆ کەمتر لە 43 هەزار کەس دابەزیوە و نیوەیان عێراقین".

کەمپى هۆل دەکەوێتە باشوورى پارێزگاى حەسەکە لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا، لە سەرەتاى ساڵى 1991 بۆ ئاوارەکانى عێراق دروستکراوە، لەساڵى 2014 کەمپەکە کەوتە دەست گرووپى داعش، لە ساڵى 2019 کەمپەکە لە لایەن هێزەکانى سووریاى دیموکرات کۆنترۆڵکراو خێزانى چەکدارانى داعشى تێدا کۆکرایەوە.