عەزرا زییا: ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنین و هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە

عەزرا زییا، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا. فۆتۆ: كەناڵ8

بریکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئاسایشى سڤیل و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، نیگەرانن لە دۆخى هەرێمى کوردستان و ئەوەى لەم هەرێمە بەدەستهاتووە، ئێستا بەهۆى ناکۆکى نێوان پارتەکانەوە کەوتۆتەبەرمەترسى.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 و چەند میدیایەكی دیكە گوتی، "یەکێک لەنیگەرانیە جدییەکەمان ئەوەیە، هاوڕێکانمان لەهەرێمى کوردستان ئەو دەستکەوتانەى بە رەنج و ماندوبونى زۆر بەدەستیانهێناوە خستوویانەتە بەر مەترسى بەهۆى ناکۆکى ناوخۆیانەوە".

گوتیشی، "ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە پێگەى هەرێمى کوردستان لە عێراق لاوازدەکات و رێگا بۆ هێزە دەرەکییەکان خۆش دەکات دەستێوەردان بكەن و لەبەرژەوەندى خۆیان بەکاریبهێنن، ئێمە هانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەدەین لەنزیکترین دەرفەتدا".

زییا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد، "وەکو ئەوەى لەهەموو شێوێنێکى دیكەی جیهان دەیکەین، پشتیوانى هەڵبژاردنى ئازاد و شەفا و دادپەروەرانە دەکەین، ئەمەش گرنگە بۆ سەقامگیریى ناوخۆىى و حوکمڕانییەکى تەندروست".