گرژیی لەنێوان عەرەبە هاوردەکان و جوتیارانی کورد لە پەلکانە دروستبوو

جێگیرکردنی هێزێکی سوپای عێراق لە گوندی پەڵکانە لە کەرکوک. فۆتۆ: یوسف موراد - کەناڵ8

جارێکى دیکە لە گوندی پەلکانەى سەر بە شارەدێى سەرگەڕان، گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبە هاوردەکان و جوتیارانی کورد دروستبوو، بەو هۆیەوە سوپاى عێراق دوو جوتیارى کوردى دەستگیرکرد.

پەیامنێرى کەناڵ8 لە کەرکوک ئەمڕۆ هەینى گوتى، "بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک عەرەبى هاوردە رۆیشتوونەتە سەر زەوی جوتیارانی کورد لە گوندی پەلکانە و بەهۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزیی دروستبووە و رێگرییان لە دروێنەى گەنم لەلایەن جوتیارانى کوردەوە کردووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، دوو جوتیاری کورد لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکراون.

لە سەرگەڕان 42 گوند هەیە و 40یان دانیشتوانەکەیان کورد و دوانیان عەرەبن، بۆ رێگرى لە دروستبوونى کێشە، هێزێکى سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە جێگیرکراوە.

بڕیاربوو دوێنێ لیژنەیەکی وزاریی عێراق بچێتە سەرگەڕان و بەدواداچوون بۆ کێشەی زەوییە کشتوکاڵیەکان بکات بەڵام لیژنەکە نەچوو، ئەوە لە کاتێکدایە جوتیارانی کورد تەواو بەڵگە یاساییەکانیان ئامادەکردبوو تاوەکو رادەستی لیژنەکەی بکەن.

سەرباری گەیاندنی کێشەی جوتیارانی کوردی سەرگەڕان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و راسپاردنی هێزە سەربازییەکان تاوەکو رێگری لە دروێنە نەکرێت، بەڵام هێشتا جوتیاران ناتوانن بچنە سەر زەوییەکانیان.

بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان خێوەتی مانگرتنیان هەڵداوە نەک تەنیا زەوییە کشتوکاڵیەکان و نیوەی بەرهەمەکان، بەڵکو داوای چەند خانویەکی  گوندەکە دەکەن کە لەساڵی  1975 دوای دەرکردنی دانیشتوانە کوردەکەی تاوەکو 2003 تێیدا نیشتەجێبوون.

چەند ساڵێکە لە وەرزى دروێنەى گەنم و جۆدا، ئەم کێشەیە لەنێوان جوتیارانى کورد و عەرەبە هاوردەکان دروستدەبێت، عەرەبە هاوردەکان بەوانە دەگوترێت کە لە هەڵمەتەکانى تەعریبى رژێمى بەعسدا لەناوچەکانى پارێزگاى کەرکوک لە شوێنى دانیشتوانەکە کوردەکەى جێگیرکران.