حکومەتى عێراق بۆ سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان: پێویستمان بە ئەرکى يۆنامى نەماوە

حکومەتى عێراق لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەڵێت، پێویستییان بە نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنى عێراق ناسراو بە یۆنامى نەماوەو داوا دەکات، لە رۆژى 31ـی کانوونى یەكەمی 2025 بە یەکجارى کۆتایی بە ئەرکەکانى بێت.

نوێنەرایەتى هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نامەیەکى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق گەیاندووەتە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگى ئایارى 2023 حکومەتى عێراق داوایکرد ئەرکى یۆنامى بۆ ماوەى ساڵێک درێژبکرێتەوە و لە ئایارى 2024 کۆتایی بێت و ماوەى ویلایەتى نێردەکە کورتبکاتەوە، بەڵام ئەنجوومەنى ئاسایش بە بڕیارى ژمارە 2682-2023ى تایبەت بڕیاریدا بە پێکهێنانى تیمێکى پێداچوونەوەى ستراتیژى سەربەخۆ بۆ خستنەڕووى بەردەوامى کار و ئەولەویاتى نێردەکە، تیمەکە وەک چاوەڕوان دەکرا تەنیا راوێژى بە حکومەتى عێراق نەکردووە و گەیشتووەتە ئەو لایەنانەشى هیچ پەیوەندییان بە دامەزراندنى نێردەکەوە نەبووە لە 2023.

سودانى راشیگەیاندووە، تیمى پێداچوونەوەى ستراتیژى لە راپۆرتەکەیدا گەیشتووەتە هەمان بڕواى حکومەت و بەردەوامى ئەرکى یۆنامى لە عێراق پێویست نییە و دواى 20 ساڵ لە گواستنەوەى دیموکراسى و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە گەورە وجۆراوجۆرەکان، لەمەودوا هیچ پاساوێک نییە بۆ بوونى نێردەیەکى سیاسى لە عێراق و حکومەت توانیویەتى لە زۆر بواردا کە دەکەونە چوارچێوەى کارى یۆنامى هەنگاوى گرنگ بنێت.

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نامەکەیدا دووپاتیکردووەتەوە، وەک مافێکى سەروەرى کۆمارى عێراق و دواى لەبەرچاوگرتنى قەبارەى یۆنامى و ژمارەى کارمەندانى و پێویستى بە کات بۆ پاکتاوکردنى کارەکانى و گواستنەوەى دۆسییەکانى بۆ دامەزراوەکانى عێراق و ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا دەکەن ویلایەتى یۆنامى لە 31ى کانوونى یەکەمى 2025 بە یەکجارى کۆتایی بێت، لەو ماوەیەشى ماویەتى کارەکانى کورتبکاتەوە لە تەواوکردنى دۆسییەکانى چاکسازى ئابوورى، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى، گەشەپێدانى بەردەوام، گۆڕانکارییەکانى ژینگە و لایەنەکانى دیکەى گەشەپێدان.

هاوكات، سەرچاوەیەک لە یۆنامى بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، لە نامەکەى حکومەتى عێراق بۆچوونى هەرێمى کوردستان وەرنەگیراوە.