سوپاسالاری پێشووی ئەمریکا: ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی سڤیلمان لە عێراق کوشتووە

مارک میلی، سوپاسالاری پێشووی سوپای ئەمریکا. فۆتۆ: AP

مارک میلی، سوپاسالاری پێشووی سوپای ئەمریکا، دانی بەوەدا نا كە وڵاتەکەی لەو جەنگانەی بەشدارییکردووە، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی سڤیلی بێتاوانی کوشتووە.

میلی لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد کە لە واشنتن بەڕێوەچوو رایگەیاند، بەرلەوەی خۆ بێبەری بکەین لەو کارانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات لەبارەی کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل لە غەززە، نابێت ئەو کوشتارانەمان لەبیر بچێتەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شەڕەکاندا ئەنجامی داوە.

مارک میلی بە دیاریکراوی ئاماژەی بە کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل لە شاری موسڵ لە عێراق و رەقەى سووریا کردووە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووی سوپای ئەمریکا گوتى، "ئێستا کە یادی 80 ساڵەی شەڕی نۆرماندی دەکەینەوە، سوپای ئەمریکا 12 هەزار هاوڵاتی سڤیلی فەڕەنسی تێدا کوشتووە، جگە لە هێرشەکانی سەر هێرۆشیما و ناكازاکی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا واشنتن 69 شاری دیکەی ژاپۆنی لەگەڵ زەوی تەخت کرد".

سوپاسالاری پێشووی ئەمریکا جەختیکردەوە، جەنگ شتێکی ئابڕوبەرانەیە ئەگەر ئامانجێکی سیاسیشی لە پشتەوە بێت، پێویستە بە پەلە و بە کەمترین تێچوو کۆتایی پێ بهێنرێت.