پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین: هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکان نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە

دیمەنی مرداربوونەوەی نەورەسەکان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین

پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین رایگەیاند، مرداربوونەوەی نەورەسەکانی سنوورەکە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و توانیویانە چارەسەرێکی سەرەتاییان بۆ بدۆزنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا ژمارەیەک لە باڵندەی کێوی لە جۆری نەورەس لەسەر زێی بچوک توشی نەخۆشییەکی تایبەت بوون، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێرتەرنەری هەماهەنگییان کردووە بە مەبەستیی سەردانیکردن و چاودێریکردنی نەورەسەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی سەردانی مەیدانییان ئەنجامداوە، توانیویانە چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ نەورەسەکان بدۆزنەوە و باڵندە نەخۆشەکان لەوانی دیکە جیا بکەنەوە و دوای پشکنین دەرکەوت نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە چاودێریکردنیان بەردەوام دەبن بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.

ئەمڕۆ هەینی 10ـی ئایاری 2024، چەند دیمەنێکی نەورەسەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بڵاوکرانەوە کە ژمارەیەکی زۆریان مرداربوونەتەوە.