143 دەوڵەت دەنگ بە ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەدەن

کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دەنگدانی 143 دەوڵەت بۆ ئەندامێتیی فەڵەستین لەو رێکخراوە کۆتاییهات.

ئەم بڕیارەش بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش وەک بڕیاڕێکی سیمبولی دادەنرێت.

ناوەڕۆکی بڕیارەکە باس لەوە دەکات کە دەبێت فەڵەستینییەکان "پەیوەندی بە ڕێکخراوەکەوە بکەن" لە هەمانکاتدا وەک ئەندامێکی چاودێر مافی زیاتریان پێبدرێت.

بڕیارەکە پشتیوانیی 143 ئەندامی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا نۆ ئەندام ناڕەزایبوون و 25 ئەندامی دیکەش خۆیان لە دەنگدان پاراست.

دوای ئەوەی فەڵەستین هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە نەتەوەیەکگرتووەکان چڕکردەوە، رێکخراوی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازیکرد ئەنجوومەنی ئاسایش بە شێوەیەکی ئەرێنی چاو بە ئەندامێتی فەڵەستیندا لە رێکخراوەکە بخشێنێتەوە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی بە گاڵتەجاڕی ناوبرد و گوتی، بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک خەڵاتێکە بۆ حەماس.