دوایین زانیاری لەبارەی دانانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک

تەلارى ئەنجوومەن و دیوانى پارێزگاى کەرکوک. فۆتۆ: کەناڵ8

بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، کورد و عەرەب لەبارەی دیاریکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک رێککەوتوون کە دوو ساڵى یەکەم بۆ کورد و دوو ساڵى دووەم بۆ عەرەبى سوننە بێت، بەڵام تورکمان رازیى نییە و داواى سێ خول دەکات بۆ بەڕێوەبردنى ئیدارەى شارەکە.

نزیکەی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتى خۆجێیی و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

عیزام حەمدانى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى عەزم لە کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو پێشنیازانەى هێزە سیاسییەکانى کەرکوک پێشکەشی محەمەد شیاع سودانییان کردووە و لەسەر مێزى دانوستانەکانن، هیچ رێککەوتنێکى لەسەر نەکراوە، رۆڵى سودانییش تەنیا نێوەندیگیریکردنە، دەبێت هێزەکان خۆیان ئیرادەى رێککەوتنیان هەبێت.

دەشڵێت، هەرسێ پێکهاتەکە دەیانەوێت پۆستى پارێزگارى کەرکوک لاى ئەوان بێت، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانە.

هاوکات بژاردەى خولى یەکەمى ئیدارەى شارەکەش، هێشتا ئاستەنگى لەبەردەمدایە، تورکمان و عەرەب پێداگریى دەکەن پارێزگار لە ناو ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، بەڵام کورد لە نێویشیاندا یەکێتیی کە ئەو پۆستە بە مافى خۆى دەزانێت، دەیەوێت سەرپشک بێت لە بەربژێرەکەى لەوەى لەناو ئەنجوومەن بێت یاخود دەرەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک.