چەند یاریزانێک گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی کراوەی رۆما

پالەوانییەتی کراوەی رۆمای 2024 لە ئیتاڵیا.

دانیڵ کۆڵینزی ئەمریکی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئاستە بەرزەکەی لە ساڵی 2024، لە پاڵەوانییەتی کراوەی رۆما لەسەر ئاستی خانمان، کۆڵینز توانی ڤیکتۆریا ئازارێنکای بێلارووسی بکاتە دەرەوەی پاڵەوانییەتیەکە.

کۆلینز لەگەڵ بەڕێکردنی دوا ساتەکانی کاروانی وەرزشی خۆی لە بواری تێنس، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە راماڵینی رکابەرەکانی و دەیەوێت چوارەم ناسناو بباتەوە لەم وەرزەدا، کە توانی ناسناوەکانی کراوەی مەیامی و چارلستۆن و کارۆلینای باشوور بباتەوە.

خانمە ئەمریکیەکە توانی کۆمەڵەکان بە ئەنجامی 6 بە 4 و 6 بە 3 بباتەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی پێشکۆتایی کراوەی رۆما.

یاریی دواتری کۆڵینز بەرامبەر یاریزانێکی دیکەی بێلارووسیە ئەویش ئارینا سابالینکایە، بێگومان یارییەکان بۆ خانمە ئەمریکیەکە ئاسان نابێت چونکە تۆپ چواری یاریزانەکانی ریزبەندی گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکۆتایی.

دانیڵ کۆڵینز، لە کراوەی رۆمای 2024. فۆتۆ: AP

یەکێکی دیکە لە سوپرایزەکان و لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو، ئەلیخاندرۆ تابیلۆی چیلی توانی خۆی بگەیەنێت قۆناغی پێشکۆتایی کراوەی رۆما، کاتێک ژانگ ژێژینگی چینی بێبەشکرد لە پاڵەوانییەتیەکە.

تابیلۆ دووجار سوپرایزی کرد لەم پاڵەوانییەتیەکە کاتێک نۆڤاک جۆکۆڤیج و کارێن خاشانۆڤی کردە دەرەوە، دواتریش لە قۆناغی چارەکی کۆتایی ژانگ ژێژینگی چینی بە ئەنجامی 6 بە 3 و 6 بە 4 کردە دەرەوە.

تابیلۆ لەوەتەی لە کراوەی رۆمای ئەمساڵ یارییدەکات هیچ کۆمەڵەیەکی نەدۆڕاندووە، لە هەموو یارییەکان سێرڤی رکابەرەکەی شکاندووە.

ئەمە یەکەم گەیشتینەتی بە قۆناغی پێشکۆتایی ماستەرز، سبەیش لە یارییەکی چارەنوسساززدا رووبەرووی ئاڵیکساندەر زڤێرڤی پاڵەوانی ساڵی 2017 دەبێتەوە.

ئەلیخاندرۆ تابیلۆ، لە کراوەی رۆما 2024. فۆتۆ: AP