رووماڵی کەناڵ8
مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بەردەوامە
مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بەردەوامە و جەخت لەوە دەكەنەوە، تاوەكو بەدەستهێنانی داواكارییەكانیان مانگرتن ناشكێنن.
01/02/2025
مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بەردەوامە
تیمى پزیشکانى خۆبەخش: دۆخى مانگرتووان دەچێتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە
تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند
دكتۆر هەورى محەمەد، ئەندامی تیمەكە رایگەیاند، "هۆشداری لە تێکچوونى زیاترى دۆخى تەندروستیى مانگرتووەکان دەدەن و دەڵێن، دۆخى مانگرتووان دەچێتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر دەسەڵاتداران وەڵامى مامۆستایان و فەرانبەرانى مانگرتوو نەدەنەوە، دۆخی مانگرتووان مەترسیدارتر دەبێت.
ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
فۆتۆی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو












بەشێک لە مامۆستایانی هەولێر پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایانی سلێمانی دەکەن
رێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە هەولێر لە یاداشتێکدا پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی رادەگەیەنن و دەڵێن، مامۆستایانی سلێمانی لە بارودۆخێکی ناهەمواردا دەنگی تەواوی مووچەخۆرانیان بەرزکردووەتەوە و هەموو داواکارییەکانیان رەوا و بەجێن.
رێکخراوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەوخراپتر دەڕوات و حکومەت لەبەرامبەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان بێباکە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەربۆیە ئەوان مکوڕن لەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگانە و کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە، جگەلە پێدانی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو و مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ بەسەریەکەوە.
هاوکات، جەختدەکەنەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دەشڵێن، لەگەڵ بڕیاری خانەنشینیدان بەڵام بەمەرجی ئەوەی سەرەتا مامۆستایان پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت ئەوکات خانەنشین بکرێن.
ئاماژەیان بەوەشكرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان خانەنشینکردنی مامۆستایان تاوەکو دوای وەرزی دووەمی ئەمساڵ دوابخرێت.
مامۆستایانی ناڕازیى گەرمیان پشتیوانی لە مانگرتووانی سلێمانی دەکەن
دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی.
دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان".
داواشیکرد، "هەموو چین و توێژەکان پشتیوانى لە مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو بکەن، چونکە ئەوان لەپێناو مافی گشتیدا ئەو هەنگاوەیان گرتووەتەبەر".
دڵشاد جەمال بۆچوونیشى وایە، بێدەنگبوونی عێراق لەبەرامبەر دیارنەمانی مووچەی مانگی 12 گومانی لەسەرە، داواشیکرد لە ماوەی یەک دوو مانگی داهاتوو تەوتین و پلەبەرزکردنەوە جێبەجێبکرێت.
تیمە تەندروستییەکان پشکنینیان بۆ مامۆستایانى مانگرتووى سلێمانى کرد
تیمە تەندروستییەکان لە سلێمانى سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوویان کرد و پشکنینیان بۆ کردن.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 بە کەناڵ8ـی راگەیاند، سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى مانگرتنیان راگەیاندووە، شەکرە و فشاری خوێنیان دابەزیووە و چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە.
هۆشداریشى لە تێکچوونى زیاترى دۆخى تەندروستیى مانگرتووەکان دا و گوتى، "ئەگەر نەیانتوانى کۆنترۆڵى تەندروستییان بکەن، رەوانەى نەخۆشخانەیان دەکەن".
روونیشيکردەوە، لە دواى 48 کاتژمێر مانگرتن، زیان بە گورچیلە، دڵ و چاو دەکەوێت و تەندروستیى ئەو کەسە بەتەواوى تێکدەچێت.
ماوەى چوار رۆژە مانگرتنى ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
پەروەردەی سلێمانی: بایکۆت کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت
بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت.
نەژاد عەبدوڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند:" ئەو خوێندکارانەى لە ساڵی 2014ـەوە چوونەتە بەر پرۆسەی خوێندن، تەنیا لە ساڵانی 2018 و 2022 بەتەواوەتی دەوامی خوێندنیان کردووە و ساڵەکانی دیکەیان بە بایکۆت و دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن بەڕێکردووە، ئەمەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت.
گوتیشی:"لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەدەر لە خوێندکارانی پۆلەکانی 9 و 12 پرۆسەی خوێندن وەستاوە و لە بەشێکی کەمی خوێندنگەکان دەوامیان تێدا دەکرێت".
یاریدەدەرەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند:" دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لە 10 ساڵی رابردوودا کاریگەریی نەرێنی بەجێهێشتووە و هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خوێندنى تایبەت بکرێت.
سێ رۆژە بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و راپەڕین، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و زیاتر لە 48 کاتژمێریشە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و داواى دابینکردنی شایستەى دارایی، پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنیان لە بانکە فیدراڵییەکان دەکەن.