
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەيەکگرتووەکان رايگەياندووە، لەدوای نەمانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، يەک مليۆن و 870 هەزار پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆيان.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکيدا ئامارەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "نەبوونی دەرفەتی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان گەورەترین ئاستەنگی بەردەم سوورییەکانن لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان".
باس لەوەشکراوە، زۆرێک لە ناوچەکان رووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە کارەبا و ئاوی پاک و چاودێریی تەندروستی، لەهەمانکاتدا بوونی گرفت لە بەڵگەنامە مەدەنییەکانياندا رێگری لە گەڕاوەیان دەکات، کە دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات، یان داوای مافی نیشتەجێبوون و زەوی بکەن.
ئیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، سوورییەکان خۆڕاگر و داهێنەرن، بەڵام پێویستیان بە هاوکارییەکی بەرچاو هەیە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگە و ژیانیان.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆ لە مانگی نیسانی 2025 تاڕادەيەک کەمیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 6.6 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا زیاتر لە 6.7 ملیۆن کەس بووە.
لە کانوونى دووەمى ساڵی 2024ـەوە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، گەڕانەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە و نزیکەی 730 هەزار پەنابەری تۆمارکردووە.



