مەسعود بارزانى: کابینەى حکومەت لەسەر بنەماى 50 بە 50 پێکناهێنرێت - نوێکرایەوە
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو مامەڵەیەی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەیکات، مامەڵەیەکی فیدراڵی نییە و جارێکی دیکە جەختدەکەنەوە لە گەڕانەوە بۆ دەستوور، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات و ئەو مامەڵەیەی عێراق لەگەڵ هەرێم دەیکات جێگەی قبوڵ نییە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتاری کردنەوەی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانى حیزبەکەیدا، رایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور نابێت عێراق دەستووردان لە هەرێمی کوردستاندا بکات.
لەبارەی پرسی مووچەشەوە، مەسعود بارزانی رایگەیاند، دەبێت پرسی مووچە چارەسەر بکرێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرۆزەکەر نییە هەموو مانگێک لە دەرگای بەغداد بدات، ئەی فڵان ئیمزای کرد، ئەی ئیمزای نەکرد".
مەسعود بارزانى: کابینەى حکومەت لەسەر بنەماى 50 بە 50 پێکناهێنرێت
لەبارەی پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسعود بارزانی رایگەیاند، حکومەتی 50 بە 50 پێکنایەت.
مەسعود بارزانی گوتیشی، بانگێشتی لایەنەکانمان کرد، بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام زۆرینە ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەنێوان یەکێتی و پارتی هەنگاوی زۆر بڕاوە و داوام لە یەکێتی و پارتی ئەوەیە هەرچی زووترە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، بەڵام لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، ئەگەرنا کارى خۆیان بەردەوام دەبێت و حکومەتی 50 بە 50 پێکنایەت.
مەسعود بارزانی: بە هەموو توانایەکمانەوە پاڵپشتی پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکەین
هەر لە میانی گوتاری کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانى حیزبەکەیدا، مەسعود بارزانی رایگەیاند؛ بە هەموو توانایەکەوە پاڵپشتی پرۆسەی چارەسەریی دەکەن.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، ئومێدەوارن پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا سەربگرێت.
لەبارەی دۆخی سووریاشەوە مەسعود بارزانی رایگەیاند، هەوڵی زۆریانداوە کورد لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا، یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن.
هاوکات لەسەر دۆخی ئێران و ئەو دانوستانەی لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، مەسعود بارزانی گوتى، هیوادارن کێشەکانی ئێران لەگەڵ دەرەوەی وڵاتەکە چارەسەر بکرێت.
15/05/2025