ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە بۆ گەڕانەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەکانیان بەڕێوەدەچێت
ئارى تەها، نوێنەرى پارێزگاى کەرکوک، بۆ نووسینەوەى رێنماییەکانى تایبەت بە یاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان رایگەیاند، "رۆژى یەکشەممە 25ـى ئایار یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى نووسینەوەى رێنماییەکانى تایبەت بە یاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ لە ئەمیندارێتیى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران ئەنجام دەرێت".
ئارى تەها، نوێنەرى پارێزگاى کەرکوک، بۆ نووسینەوەى رێنماییەکانى تایبەت بە یاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "لیژنەکە نوێنەرانى وەزارەتى داد و کشتوکاڵ و دارایى عێراقى تێدایە و بەگوێرەى یاساکە، لیژنەیەک بۆ ئاسانکارى و جێبەجێکردنى یاساکە پێکدەهێنرێت بۆ نووسینەوەى رێنماییەکان".
ئارى تەها ئەوەشى روونکردەوە، نووسینەوەى رێنماییەکان چەند کۆبوونەوەیەکى لیژنە تایبەتمەندەکەى پێویستە و دواى دەرکردنى رێنماییەکان، یاساکە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هاوکات، غەریب ئەحمەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لیژنەى کشتوکاڵ بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "جێبەجێکردنى یاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان کاتى دەوێت و لایەنى جێبەجێکاریش وەزارەتەکانى داد و کشتوکاڵ و دارایی، تەنانەت حکومەتى خۆجێییش دەگرێتەوە.
گوتیشى، "هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنى یاساکە بوونى نییە و پاش دەرچوونى سەرجەم رێنماییەکان دەتوانرێت یاساکە جێبەجێ بکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاساى گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەنگى لەسەر دراو بووبە یاسا، لە 13ـى شوباتى 2025 سەرۆککۆمار واژۆى لەسەر کرد و لە 18ـى شوباتیش لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونى زیاتر لە سێ مانگ هێشتا یاساکە نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
25/05/2025