نەتەوەیەکگرتووەکان: لە جیهاندا 304 کۆچبەر هەیە
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لەسەرتاسەری جیهاندا نزیکەی 304 ملیۆن کۆچبەر هەیە، کە زۆرترینیان لە ئەمریکا، ئەڵمانیا و سعویەدان و لە ساڵی 2024یشدا هەشت هەزار و 938 کۆچبەر لە رێگای کۆچ دا گیانیان لەدەستداوە.
جاڕنامەی جيهانیی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هەموو کەسێک ئازادیی هاتوچۆکردنی هەيە و ئازادە لەوەی لەکوێ دەژی و بەگوێرەی پێناسەی نەتەوەيەکگرتووەکانيش، دياردەی کۆچکردن، گواستنەوەی مرۆڤە لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە بە ئامانجی دەستکەوتنی سەقامگیریی بەردەوام یاخود کاتی.
لەوانەيە کۆچکردن بەشێوەی تاکەکەسی یاخود بەکۆمەڵ بێت، هەروەها بەشێوەی ناچاری يان ئارەزوومەندانە بێت، بەڵام هۆکارەکانی کۆچکردن بريتين لە؛ ئابووری وەک دەستنەکەوتنی کار، هۆکاری سياسی وەک هەڵگيرسانی جەنگ و تێکچوونی بارودۆخی سياسی، هۆکاری کۆمەڵايەتی وەک هەبوونی کێشەی ئایينی و رەگەزپەرستی، هۆکاری سروشتیش وەک رووداوە سروشتييەکان کە ناوچەيەک وێران دەکەن.
بەگشتی رێگاکانی کۆچ لە جيهاندا پارێزراو نين و ساڵانە سەدان کەس لەو رێگەيە دەبنە قوربانی، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لەساڵی 2024دا هەشت هەزار و 938 کۆچبەر گيانيان لەدەستداوە، رێکخراوەکە ئەو ساڵەی بە کوشندەترين ساڵ بۆ کۆچبەران دياريکردووە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی نەتەوەيەکگرتووەکان کە لەناوەڕاستی ساڵی رابردوودا ئەنجاميداوە، نزيکەی 304 مليۆن کۆچبەر لە جيهاندا هەيە.
ئەو وڵاتانەی زۆرترين پەنابەريان لەخۆگرتووە بريتين لە؛ ئەمريکا زياتر لە 53 مليۆن، ئەڵمانيا 13 بۆ 16 مليۆن، سعوديە 13 مليۆن، بەريتانيا 10 مليۆن، فەڕەنسا هەشت مليۆن، کەنەدا و ئوستراڵيا نزيکەی هەشت مليۆن، ئەو 10 وڵاتە بە کۆی گشتی نزیکەی نیوەی هەموو کۆچبەرە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی جیهانیدا لەخۆدەگرن.
لەمێژووی هاوچەرخدا، کۆچکردن لە پرسێکی مرۆييەوە بووەتە پرسێکی سياسی و ئەو وڵاتانەی بەدەست زۆریی رێژەی پەنابەرەوە دەناڵێنن، سياسەتی جۆراوجۆر بۆ کۆنترۆلکردن و رووبەڕووبوونەوەيان دەگرنەبەر.
لەناو ئەو سياسەتانەدا لە هەنگاوی يەکەمدا رێکاری توندوتۆڵکردنی سنوورەکانيان دەگرنەبەر، لەناوخۆی وڵاتەکانيشدا مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەری قورس دەکەن و ئاسانکاری دەکەن بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆيان ياخود وڵاتی سێيەم.
تەنانەت وەک چەکێکيش لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بابەتی کۆچ بەکاردەهێنرێت و پرسی گەرمی گفتوگۆکانە، وەک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمريکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا بەديدەکرا و بەربژێران چارەسەری جۆراوجۆريان دەخسەتەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دياردەيە.
31/07/2025