بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: ئامارەکانی شێرپەنجە روو لە زیادبوونە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، ئامارەکانی شێرپەنجە ساڵانە روو لە زیادبوونە و لە شەش مانگی رابردوودا، زیاد لە دوو هەزار حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە.
یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، کەمی دەرمان گرفتێکی نەبڕاوەیە و بەردەوامە، قەیرانی دارایی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەرمان هەبووە.
گوتیشی، ئەو فشارە زۆرەی لەسەر نەخۆشخانەی هیوایە، بەهۆی هاتنی نەخۆشانی شێرپەنجەیە لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: سندوقی شێرپەنجە پشتی بە داهاتی هاتوچۆی سلێمانی بەستووە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا راشیگەیاند، داهاتی سندوقی شێرپەنجە زیاتر لە 60% کەمیکردووە، دەشڵێت، پێشتر بەگوێرەی یاسا داهاتی بەشێک لە جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان دەگەڕایەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابینکردنی چارەسەر، بەڵام ئێستا ئەو داهاتەش کەمبووەتەوە.
یاد نەقشبەندی، گوتیشی، سندوقی شێرپەنجە پشتی بەستووە بە داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی و هیوادارن پەرلەمان کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سندوقی شێرپەنجە بکات.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، داواشیکرد، لە هەموارکردنەوەی یاسای سندوقی شێرپەنجە، باج لەسەر کارگەکان دابنرێت، چونکە رۆڵیان لە پیسکردنی ژینگە و کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان هەیە.
یاد نەقشبەندی گوتیشى؛ ئێستا سندوقی شێرپەنجە بەدەست قەرزی کڕینی دەرمان لە کۆمپانیاکان دەناڵێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە وردی داهاتی سندوقەکەیان لا نییە، بەڵام خەرجییان زۆر زیاترە لەو داهاتەی سندوقەکە دابینی دەکات.
بەگوتەى بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دابینکردنی دەرمان بۆ تووشبوانی شێرپەنجە، بە خێر و بەخشین بەڕێوە ناچێت.
05/08/2025