شارەوانیی کەرکوک: سزای فڕێدانی خاشاک لە 250 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن دینارە
شارەوانیی کەرکوک هۆشداریدەداتە دوکاندار و خاوەن کارەکان، هەر دوکاندارێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و خاشاک لە شەقامدا فڕێ بدات، بە بڕی 250 هەزار تا یەک ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێت.
موەفەق ساڵح، بەڕێوەبەری کەرتی دووی شارەوانیی کەرکوک بە کەناڵ8ــی گوت؛ بە گوێرەی بڕیاری 296ـی ساڵی 1990 سزا بۆ زیادەڕۆیی و فڕيدانی خاشاک لەسەر شۆستە و شەقامەکان دیاریکراوە و هەر فرۆشیار و دوکاندارێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
گوتیشی، سزای فڕێدانی خاشاک لە 250 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو دەگاتە یەک ملیۆن دینارە و داهاتەکەش بۆ بەرێوەبەرایەتیی شارەوانی دەبێت.
ئیدارەی پارێزگاى کەرکوک نزیکەی دوو مانگە رێکارەکانى بۆ پاکراگرتنى شارەکە دەستپێکردووە و لیژنەی رێکخستنەوەی شار بۆ هەر سەرپێچییەکی خوڵ فڕێدان و فڕێدانی پاشماوەی خانووبەرە ملیۆنێک دینار و فڕێدانی خاشاک لە ئۆتۆمبێلەوە لەمیانی پیادەڕەوی یاخود وەستانی 250 هەزار دینارى دیاریکردووە.
هەرکەسێکیش ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی گشتی بشوات بە 50 هەزار دینار سزا دەدرێت.
24/08/2025