ناوەرۆکی کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی

کەناڵ8 30/09/2025
کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە پیرمام بەڕێوە چووە، ماوەی  دوو کاتژمێر و 15 خولەکی خایاندووە و لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتدا بەرەوپێشچوونی باش هەیە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کە هەریەکە بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو،  باس لە پۆستەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە کراوە و هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستە سیادییەکان نەکراوە.

لەو بارەیەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رژدبووە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و جەختیکردووەتەوە لە حکومڕانییەکی ڕەشید.

یەکێتی جەختیکردووەتەوە لە حکومڕانییەکی رەشید

بڕیاریشە کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی لە چەند رۆژی داهاتووش بەردەوام بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، لە شاندی یەکێتی هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسول، لە شاندی پارتیش نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، هۆشیار زێباری بەشداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا کێشە لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی حکومەت هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەی سێ رۆژ پێش ئێستای نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئەرێنی بووە و سەرجەم کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەت لەو کۆبوونەوە دوو قۆڵییەدا چارەسەرکراون.

کۆبوونەوەکانی رابردوو رێگەخۆشکەر بوون

ئەم کۆبوونەوەیە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکەی لوتکە دێت، یەکێکیان سێ رۆژ پێش ئێستا و ئەوی دیکەیان لە مانگی تەمموزی رابردوودا ئەنجامدرا. لەو کۆبوونەوانەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان، دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگیی نێوانیان لە چوارچێوەی دەستووردا کردبووەوە.

کەناڵ8

30/09/2025