نوخشە ناسح: ماستەرپلانێکی تۆکمەمان بۆ 2026 داڕشتووە

نوخشە ناسح، پارێزگارى هەڵەبجە
نوخشە ناسح، پارێزگارى هەڵەبجە

نوخشە ناسح، پارێزگارى هەڵەبجە بەبۆنەى هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، پەیامێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ماستەرپلانێکی ورد و تۆکمەمان بۆ 2026 داڕشتووە.

دەستکەوتی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەى بەوەکردووە،2025 بۆ هەڵەبجە و مێژووەکەی، ساڵێکی وەرچەرخان بوو، کە لەو ساڵەدا و لە 14ـى نیسان دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، مەرسوومی کۆماریی دەرچوو و هەڵەبجە بە فەرمی و وەک (19)ـهەمین پارێزگای عێراق ناسێنرا.

وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەدەستهێنانی شایستە دارایی و ئیدارییەکان

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەم دەسکەوتە تەنیا گۆڕینی ناو و ناونیشان نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەدەستهێنانی شایستە دارایی و ئیدارییەکان و جێگیرکردنی پێگەی شارەکەمان لە نەخشەی سیاسی و ئابووریی عێراق.

دەمانەوێت ساڵی 2026 ساڵی کار و ئەنجام بێت

نوخشە ناسح، دەشڵێت" وەک ئیدارەی پارێزگا، بە پشت بەستن بە ماستەرپلانێکی ورد و زانستی، پلانی تۆکمەمان بۆ ساڵی 2026 داڕشتووە، دەمانەوێت ساڵی داهاتوو ساڵی "کار و ئەنجام" بێت، لە کەرتە جیاوازەکاندا.

بەستنەوەی توانای گەنجان بە بازاڕی کار

پارێزگارى هەڵەبجە ئەوە ئاشکرا دەکات، گرنگیدان بە فێرکاریی پیشەیی و بەستنەوەی توانای گەنجان بە بازاڕی کار و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان و چاکسازی لە ڕێگاوبان و هاندانی کەرتی وەبەرهێنان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار، لە پێشینەى کارەکانیان دەبێت.

هەڵەبجە ببێتە خاوەنی سیستمێکی تەندروستیی پێشكەوتوو

باسى لەوەشکردووە، سوود وەرگرتن لە سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکەمان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ناوخۆیی و بوژانەوەی کەرتی تەندروستی، یەکێک لە لەپێشینەترین کارەکانی ئیدارەی پارێزگا دەبێت، کە هەڵەبجە ببێتە خاوەنی سیستمێکی تەندروستیی پێشكەوتوو.

نوخشە ناسح دەشڵێت، هەموو پلانەکان بۆ ئەوەیە هەڵەبجە ببێتە ناوەندێکی چالاک لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان، داواش لە حکومەت و کەرتی تایبەت و هاونیشتمانییان دەکات، بە گیانی یەکترقبوڵکردن شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتییەکان.