د. یاد نەقشبەندی: لە مانگێکی ئەمساڵدا 285 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە ڕایگەیاند، تەنیا لە مانگی 1ی ئەمساڵدا 285 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو ژمارەیە، 20%ـی تووشبووەکان دانیشتووی دەرەوەی پارێزگای سلێمانین و بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لەو مانگەدا 478 کۆدی نوێ بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە کە وەک نەخۆش لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن.
گرفتی کەمیی دەرمان و هۆکارەکانی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گرفتی کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانەکە بووەتە گرفتێکی "نەبڕاوە". د. یاد نەقشبەندی هۆکاری ئەم قەیرانەی بۆ زۆریی ژمارەی تووشبووان و کەمیی ئەو سەرمایەیەی بۆ کڕینی دەرمانە گرانبەهاکان تەرخان دەکرێت گەڕاندەوە، بەتایبەت کە بەشێکی زۆری چارەسەرەکان لە نەخۆشخانەی هیوا بە شێوەی خۆڕایی پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکرێن.
پلانی ساڵی 2026 و بونیادنانی نەخۆشخانەی هیوای گەورە
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، د. یاد نەقشبەندی ئاماژەی بە پلانی نەخۆشخانەکە بۆ ساڵی 2026 کرد، کە تێیدا کار بۆ بونیادنانی پڕۆژەی "نەخۆشخانەی هیوای گەورە" دەکرێت و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی کۆتایی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ دەستپێکردنی. هەروەها پلانەکە دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەت بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا و ئاسانکردنی پڕۆسەی چارەسەرکردن.
04/02/2026