سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم: ئامادەین بەشێک لە قەرزی 1.3 ملیار دۆلارییەکە بدەینە بەغداد

بەپێی بەدواداچوونی کەناڵ8، دۆسیەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕەوانەی بەردەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە. ئامانج لەم هەنگاوە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ کێشەی ئەو قەرزە داراییانەی لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکراون.

بڕی قەرزەکان و سزاکانی بەغداد

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە 19-02-2025ـەوە، داوای بڕی 1.3 ملیار دۆلاری وەک قەرزی باج لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کردووە. بەهۆی پێنەدانی ئەم بڕە پارەیە لە کاتی دیاریکراودا، بەغداد وەک فشارێکی یاسایی و دارایی، خزمەتگوزاریی پەیوەندیی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیای ئاسیاسێڵی ڕاگرتووە، ئەمەش زیانی بە بەکارهێنەرانی هەردوو هێڵەکە گەیاندووە.

پێشنیازی نوێی کۆڕەک بۆ چارەسەری کێشەکە

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە نووسراوێکی فەرمیدا کە خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیران، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دانەوەی بەشێک لەو قەرزانەی کە لەسەریەتی. کۆمپانیاکە داوای کردووە لە بەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەکی دیاریکراو، وەزارەتی پەیوەندییەکان سەرجەم خزمەتگوزارییە ڕاگیراوەکان بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ئاسیاسێڵ و کۆڕەک کە ئێستا پچڕاوە.

دۆخی یاسایی بڕیارەکە لای سوودانی

زانیارییەکانی کەناڵ8 ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی لە ئێستادا وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کار دەکات، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەم جۆرە ڕێککەوتنە داراییە گەورانەی هەیە یاخود نا. ئەم نادیارییە وایکردووە چارەنووسی نووسراوەکەی کۆڕەک و گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.