د. یاد نەقشبەندی: تووشبوون بە شێرپەنجە لەناو منداڵاندا زیادی کردووە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا نوێترین ئاماری منداڵە تووشبووەکان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە 109 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراون.
ئاماری نوێی منداڵە نەخۆشەکان
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 109 منداڵی نوێ لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراون. لەو ژمارەیە 35 بۆ 45 حاڵەتیان تووشبووی شێرپەنجەن، ئەوانی دیکە کێشەی نەخۆشییەکانی خوێن یان نەخۆشیی ناشێرپەنجەییان هەیە و لە ژێر چارەسەردان.
هۆکارەکانی زیادبوونی تووشبوون
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوە کرد، بەراورد بە 10 ساڵی ڕابردوو ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لەناو منداڵاندا زیادی کردووە، بەڵام هێشتا ڕێژەکە لە سەروو ستانداردە جیهانییەکانەوە نییە. د. یاد هۆکارەکانی ئەم زیادبوونەی بۆ پیسبوونی ژینگە، خراپیی خۆراکی دایک، بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلە لەلایەن دایک و باوک و خواردنەوە کحولییەکان گەڕاندەوە.
نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشانی عێراق
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. یاد نەقشبەندی جەختی کردەوە کە پێشکەوتووترین خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دابین کراوە. بەهۆی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکانەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان، منداڵانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ڕوو لەو نەخۆشخانەیە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
15/03/2026