هاتوچۆی عێراق وردەکاری نوێی ڕووداوی هاتوچۆکەی کەرکووکی بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی عێراق ڤیدیۆیەکی نوێی ڕووداوی هاتوچۆکەی کەرکووکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شۆفێرەکە چەندین هەلی هەبووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو ڕووداوە بکات و ئۆتۆمبێلەکە بە لاڕێدا بەرێت بەڵام نەیکردووە.
چەندین دیمەنی نوێی بارهەڵگرەکە نیشاندەدات
لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی هاتوچۆکەی کەرکووک بەردەوامن و هاتوچۆی گشتیی عێراق ڤیدیۆیەکی 11 خولەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا و وردەکاری و ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکەی خستووەتەڕوو کە چەندین دیمەنی نوێی بارهەڵگرەکە پیشاندەدات.
شۆفێرەکە دەیتوانی خۆی بخاتە سەر خۆڵ و چۆڵەوانی
عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق شیکردنەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووە و دەڵێت، شۆفێرى بارهەڵگرەکە دەیتوانی لە چەند شوێنێکی ڕێگەکە خۆی بخاتە سەر خۆڵ و چۆڵەوانی و ڕێگری لەو ڕووداوە گەورەیە بکرایە، بەوپێیەی بە درێژایی ڕێگەکە چەندین لادانی کاتیی هەیە.
بە هێڵی سەربازیدا تێپەڕیووە
باس لەوەشدەکات، ئەو بارهەڵگرە بە سۆناری ئۆتۆمبێلدا تێنەپەڕیوە و بەڵکو بە هێڵی سەربازیی بازگەی کەرکووکدا بە خێراییەکی زۆر تێپەڕیوە.
کێشەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە شۆفێری دیکە
عودەی سەمیر ، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق لەو بارەیەوە گوتی " بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەدەرێت بە شۆفێری دیکە بۆ ئەوەی بارەکانیان بۆ بگوازنەوە، لەو شوێنەشدا کە پێی دەگوترێت وێستگەی کێش، شۆفێرەکان جێگۆڕکێ دەکەن، واتە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە خۆی شۆفێری ناکات، بەڵکو دەیداتە دەستی شۆفیرێکی دیکە بۆ داگرتنی ئەو بارەی پێیەتی، دواتر گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنەکەى، بەوشێوەیە شۆفێرەکە هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەی وەریدەگرێت، ئەمەش کێشەیە و چەندینجار لە ڕۆژێکدا دووبارە دەبێتەوە، ئەمەی کە ڕوویداوە لەماوەی حەوت خولەکدا بووە و خێرایی ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووەتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بۆیە گۆڕینی شۆفێر مەترسیدارە و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە".
01/05/2026