ئاوی دیجلە و فوڕات بە ڕێژەیەکی زۆر پیسبووە؛ داوای ڕاگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی ئاو دەکرێت
پیسبوونی ئاوی دیجلە و فوڕات چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و داوای ڕاگەیاندنی باری لەناکاوی ئاو لە عێراق دەکرێت و بە مەترسی بۆسەر ژینگە و تەندروستیی ملیۆنان هاوڵاتی دادەنرێت.
پاشماوەی پیشەسازی دەکرێتە ئاوەکە
لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئاوەڕۆ و پاشماوە پیشازییەکان و خۆڵ و خاشاک دەخرێتە ناو ڕووبارەکانەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری پێسبوونی ئاوی دیجلە و فوڕات.
لەکارکەوتنی گورچیلە و شێرپەنجە و ژەهراویبوون
بەگوتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق، بەهۆی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکانەوە، چەندین حاڵەتی لەکارکەوتنی گورچیلە، شێرپەنجە و ژەهراوی بوون تۆمارکراون، ئەمەش دەرخەری ئەو قەیرانە ژینگەییە گەورەیەیە دووچاری عێراق هاتووە.
سکاڵای یاسایی دژی تۆمەتبارەکان
مەحموود شەممەری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنراوە بەمەبەستیی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فوڕات. ئەو پەرلەمانتارانە دەشڵێن، داوایان لەو پارێزگایانە کردووە زەرەرمەندبوون، سکاڵای یاسایی دژی ئەو کەسانە تۆمار بکەن، بوونەتە هۆکاری پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان.
سندوقی زیانی ژینگەیی
بە گوتەی شەممەری، لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان هەماهەنگی کراوە لەسەر ئەو زیانە ژینگەییانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، سندوقێکیان بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی زەرەرمەندن لە گۆڕانکارییە ژینگییەکان هەیە و ئەو سندوقە ساڵانە بە بەهای 100 ملیار دۆلار کۆمەکی وڵاتانی پیشەسازی دەکات، بەڵام بە گوتەی شەممەری عێراق هیچ سوودێکی لەو کۆمەکانە نەبینیووە.
زۆرترین نیشانەکانی گۆڕانکاریی ژینگەیی
عێراق بە گوێرەى داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین نیشانەکانی گۆڕانکاریی ژینگەیی تیادا دەرکەوتووە.
ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی ئاو
هاوکات یوسف کیلابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، داوای ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی ئاو دەکات بە شێوەیەکی فەرمی، هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی ئاستیی پیسبوونی ئاوی دیجلە و زیادبوونی لێکەوتە تەندروستییە مەترسیدارەکانی.
لە 24 ناوچەوە ئاوەڕۆ دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلە
بە گوتەی یوسف کیلابی، لە 24 ناوچەوە ئاوەڕۆی بەغداد و خۆڵ و خاشاک دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە، هەروەها ڕووباری دیالە گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی دیجلەیە، بەهۆی زۆری ئەو ئاوە قورسەی دێتە ڕووبارەکەوە.
05/05/2026