
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە لە سنووری کەلار ڕوویدا و کاریگەرییەکەی گەیشتە بەغداد، هاوکات لە کرماشانیش بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر تۆمارکرا.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، کاژێر 11:53 خولەکی شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە سنووری کەلار لە پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە. چەقی بوومەلەرزەکە 15 کیلۆمەتر لە باکووری شاری کەلارەوە دوور بووە و لە چەند ناوچەیەکی جیاواز هەستی پێکراوە، بە جۆرێک دانیشتووانی بەغدادیش هەستیان بە لەرزینەکە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی کەشناسی، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەوە تۆمار نەکراوە. دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گوڕی بوومەلەرزەکە لە ئاستی "مامناوەند"دایە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چاودێری وردی دۆخەکەدان بۆ تۆمارکردنی هەر پاشلەرزەیەکی ئەگەری.
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی بوومەلەرزەزانیی دامەزراوەی زانکۆی تاران بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی ڕێختەر ناوەندی کرماشان و شارەکانی گەیلانغەرب و سەرپێڵی زەهاوی هەژاندووە. لەم ڕووداوەشدا تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندراوە.
دەستەی کەشناسی لە ڕاپۆرتی مانگی نیساندا ئاشکرای کردووە کە 36 بوومەلەرزە تۆمارکراون. لەو ژمارەیە 16یان سەرچاوەکەیان لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و 20ـەکەی دیکە لە وڵاتانی دراوسێوە بووە. پارێزگای سلێمانی بە تۆمارکردنی 8 بوومەلەرزە لە پلەی یەکەمدا هاتووە، دوای ئەویش نەینەوا بە 3 بوومەلەرزە و دهۆک و هەولێر بە 2 بوومەلەرزە دێن.
ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەهۆی هەڵکەوتنیان لەسەر هێڵی چالاکی تەکتۆنی، بەردەوام ڕووبەڕووی چالاکی بوومەلەرزە دەبنەوە. زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەشی سەرچاوەکەیان لە دەرەوەی عێراقە، لە وڵاتی ئێرانەوە دەست پێ دەکەن کە تەنیا لە مانگی ڕابردوودا 10 بوومەلەرزەیان لەو وڵاتەوە بووە و لە ناوخۆی عێراق هەستیان پێکراوە.
