
شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێکی سێ قۆناغی بۆ نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکان دەستپێکردووە و دوای تەواوبوونی ڕێگە سەرەکییەکان، دەست بە خزمەتگوزارییەکانی ناو گەڕەکەکان دەکرێت.
گوتەبێژى سەرۆکایەتى شارەوانیی سلێمانى ڕایگەیاندووە کە هەڵمەتى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنەوەى شەقامەکان لە 3 قۆناغ پێکهاتووە. ئێستا تیمەکان لە قۆناغی یەکەمدان و شەقامە سەرەکییەکان نۆژەندەکەنەوە، پاشان لە قۆناغی دووەمدا دەچنە سەر شەقامە لاوەکییەکان و لە قۆناغی سێیەمیشدا پرۆسەکە گەڕەکە نوێیەکان دەگرێتەوە.
ئەنجوومەن، گوتەبێژى شارەوانیى سلێمانى ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا تیمەکانیان دەستیان بە هەڵمەتى نۆژەنکردنەوەى شەقامە سەرەکییەکان کردووە، ئەوانیش بریتین لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود و شەقامى هەوارى شار. دوای ئەوانەش دەچنە سەر شەقامى سلێمانى - تاسڵوجە و بەو شێوەیە سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانى شارەکە نۆژەندەکرێنەوە.
بەپێی پلانی شارەوانی، لە قۆناغى دووەمدا ئەو شەقامانە نۆژەندەکرێنەوە کە لە گەڕەک و ناوچەکانەوە دەچنەوە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود. لە قۆناغى سێیەمیشدا پرۆسەی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردن بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانە ئەنجام دەدرێت کە پێشتر ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری و تاوەکو ئێستا قیرتاو یان کۆنکرێتیان پێنەگەیشتووە.
زستانى ئەمساڵ بەهۆی زۆرى بارانبارینەوە، ژمارەیەکى زۆر چاڵ لە شەقامەکانى سلێمانى دروستبووە. شارەوانى سلێمانى ڕایگەیاندووە کە زۆرى باران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکچوونی شەقامەکان هەبووە، بۆیە پلانێکى گشتگیریان داناوە بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم ئەو گرفتانە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان.
