قایمقامی دووکان: زیاتر لە 120 تۆن زبڵ و خاشاک لە بەنداوی دووکان دەرهێنراوە
لەمیانی پێشکەشکردنی خەڵاتی ڕێزلێنان بەو کەس و کارمەندانەی لەماوەی ڕابردوودا بەشداربوون لە پاککردنەوەی بەنداوی دووکان لە زبڵ و خاشاک، سیروان سەرحەد، قایمقامی دووکان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەماوەی هەشت ڕۆژدا توانراوە زیاتر لە 120 تۆن خۆڵ و خاشاک لە بەنداوی دووکان دەربهێنرێت.
پابەندبوون بە پاکڕاگرتنی ژینگە
سیروان سەرحەد، قایمقامی دووکان لە کەناڵ8ـەوە داوای لە هاونیشتمانییان و گەشتیاران کرد، پابەندبن بە پاکوخاوێنیی ژینگە و ئەرک و ماندووبوونی ئەو کارمەندانە لەبەرچاوبگرن کە لە هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لەپاڵ ئەرکی خۆیان بەنداوەکەشیان پاککردەوە.

هەڵمەتی پاککردنەوەی بەنداوی دووکان
لەسەرەتای ئایارەوە دەستکراوە بە هەڵمەتی پاککردنەوەی بەنداوی دووکان و هەریەک لە قایمقامییەتی سلێمانی و دووکان، فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، شارەوانی، بەرگریی شارستانی و گەشتوگوزار، پۆلیسی دارستان و ژینگە، کۆمپانیای ئانزۆ بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد.

هەڵمەتەکە دوای ڕاپۆرتێکی کەناڵ8 بوو لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان
هەڵمەتی پاککردنەوەی دووکان، دوای ڕاپۆرتێکی کەناڵ8 دێت کە لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکە، دەرکەوتنی دیمەنی پیسی دەوروبەری بێڵ ماوسی دووکان کاردانەوەی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و داوایانکرد لەو پاشماوانە پاکبکرێتەوە.

24/05/2026