
سیروان بارزانى، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەى دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق دژى کۆمپانیاکەیان، سیاسییە نەک یاسایی، بۆیە سکاڵا تۆماردەکەن.
گوتیشى، سەردانى بەغداد دەکەن و لەگەڵ دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق و سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق بڕیاریدا گرێبەستى کارکردنى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم هەڵبوەشێتەوە و مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆمپانیاکە ڕاگرت.
کۆڕەک تیلیکۆم کۆمپانیایەکی گەیاندن و پەیوەندیکردنە لە ساڵی 2000 دامەزراوە، لە ئابی 2007 یەکێک بوو لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراقدا پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل.