بۆ یەکەمجار لە جیهاندا؛ ڤاکسینێک بە ژیریی دەستکرد بەرهەمدەهێنرێت
تیمێکی توێژەر لە زانکۆی کامبریج توانییان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، جۆرە ڤاکسینێکی نوێ پەرە پێ بدەن کە توانای هەیە مرۆڤ لە کۆمەڵەیەکی بەربڵاوی ڤایرۆسەکان و پەتای داهاتوو بپارێزێت. ئەم هەنگاوە وەک یەکەمین تاقیکردنەوەی لەو جۆرە دادەنرێت کە پێکهاتەی سەرەکیی ڤاکسینەکە بە تەواوی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە دیزاین کرابێت و لەسەر مرۆڤ تاقی کرابێتەوە.
ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە داهاتووی ڤاکسینەکاندا
توێژەران لە هەنگاوێکی نوێدا بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، جۆرێکی پێشکەوتووی ڤاکسین پەرە پێ دەدەن کە ئامانج لێی دابینکردنی خۆپارێزییە لە دژی کۆمەڵەیەکی بەربڵاو لە ڤایرۆسەکان و کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتا لە داهاتوودا.
زانکۆی کامبریج پەرەی پێداوە
تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانیا کە ڤاکسینەکەیان پەرە پێ داوە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمە یەکەمین هەوڵە بۆ دیزاینکردنی پێکهاتەیەکی سەرەکیی ڤاکسین بە تەواوی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە، کە دواتر لەسەر مرۆڤ تاقی کراوەتەوە.
پاراستنی جەستە لە کۆرۆنا و گۆڕاوەکانی
ڤاکسینەکە بە شێوەیەک پەرەی پێ دراوە، لەسەر هەموو جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار بکات؛ نەک بە تەنیا ئەوە، بەڵکو دەتوانێت کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ لە دژی تەواوی خێزانی ڤایرۆسەکە و گۆڕاوەکانی کۆرۆناش لە داهاتوودا بپارێزێت.
کارکردن لەسەر نەخۆشییەکانی ئەنفلۆنزا و ئیبۆلار
هەرچەندە ئەم تەکنۆلۆجیایە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە، بەڵام زانایان لە ئێستادا کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشییەکانی وەکو ئەنفلۆنزا و ئیبۆلا دەکەن.
قۆناغەکانی تاقیکردنەوە و دەرەنجامەکان
لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا کە لەسەر 39 کەس ئەنجام درا، ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و دەرکەوت ڤاکسینەکە ئاستی سەلامەتیی پێویستی هەیە؛ بڕیاریشە لە قۆناغی دووەمدا، لەسەر نزیکەی 200 کەسی دیکە تاقی بکرێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی وردتری ئاستی وەڵامدانەوەی کۆئەندامی بەرگریی لەشی مرۆڤ.
2 کاتژمێر پێش ئێستا