حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ڕووباری دیجلە و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی گوڵی نیل لە دەریاچەکان لەناودەبات

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڵمەتی لەناوبردنی گوڵی نیل لە دەریاچە و ڕووبارەکانی عێراق
هەڵمەتی لەناوبردنی گوڵی نیل لە دەریاچە و ڕووبارەکانی عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی ئاوی ڕووباری دیجلە دەرکرد، کە گرنگترینیان لەناوبردنی ڕووەکی داگیرکەری "گوڵی نیل"ە لە دەریاچەکاندا؛ هاوکات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و یارمەتیدانی ئەو ناوچانەی بەهۆی بێئاوییەوە کۆچی ناوخۆییان تێدا ڕوویداوە.

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی ئاوی ڕووباری دیجلە چەند بڕیارێکی دەرکردووە، لەوانە لەناوبردنی گوڵی نیل لە دەریاچەکان و چارەسەرکردنی کاریگەریی وشکەساڵی لەو ناوچانەی کۆچی ناوخۆیی بەهۆی وشکەساڵییەوە تێدا ڕوویداوە.

ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و تەرخانکردنی ئەرکەکان

لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا فەرمانکراوە بە پێویستیی دانانی چارەسەری کاریگەر بۆ پرسی پیسکردنی ژینگە و پارێزگاری لە ئاوی ڕووباری دیجلە لە ئاوی قورس و ئاوەڕۆ، هەر بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەند بووە لەسەر ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەستێت بە لێکردنەوە و لەناوبردنی گوڵی جۆری نیل.

هاوکاریکردنی ئەو ناوچانەی بەهۆی بێئاوییەوە زیانمەند بوون

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی کۆچی ڕاسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی کاریگەریی وشکەساڵی لەو ناوچانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچی ناوخۆیی تێدا ڕوویداوە و نەتوانراوە کشتوکاڵی تێدا بکرێت.

دەستپێکردنی کەمپەینی لەناوبردنی گوڵی نیل لە پارێزگاکان

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەکاتێکدایە پێشتر بڕیاردراوە بە لەناوبردنی ئەو گوڵە و لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقەوە لە دیوانییە و واست دەستیکردووە بە لەناوبردنی ئەو گوڵە. ئینجا با من پێتان بڵێم گوڵی نیل چییە و بۆچی حکوومەتی عێراق دەیەوێت لەناوی بەرێت؟

مێژووی هاتنی گوڵی نیل بۆ ناو ژینگەی عێراق

گوڵی نیل یەکێکە لە ڕووەکە هەرە داگیرکەر و مەترسیدارەکان بۆ سەر ژیانی ڕووبار و زۆنگاوەکان کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هاتووەتە ناو عێراقەوە لەڕێگەی خاوەن شەتڵگە و حەوزەکانی ماسییەوە.

مەترسییەکانی ئەم ڕووەکە لەسەر سامانی ئاو و ماسی

بەهۆی هاتنە ناوەوەی لە ئاوەڕۆکانەوە بۆ ناو ڕووبار و دەریاچەکان، ئەم گوڵە زیادی کردووە، کە ئەمە وا لێکدەدرێتەوە کارەساتێکی سروشتییە؛ چونکە ئێمە لە بنەڕەتدا کێشەمان لەگەڵ وشکەساڵیدا هەیە و ئەم گوڵەش، ئاوێکی زۆر هەڵدەمژێت، دووەم خراپیی ئەم گوڵە ئەوەیە زۆر زوو زیاد دەکات و ڕووی سەر ئاوەکان داگیر دەکات و ڕێگە دەگرێت لە چوونی تیشکی خۆر و ئۆکسجین بۆ ناو ئاوەکە، کە ئەوەش ڕوویدا، قەوزەکان ناتوانن خواردنی پێویست بۆ ماسییەکان دروست بکەن.

زیانەکانی گوڵی نیل بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەنداوەکان

لە ئەنجامدا ماسییەکان دەمرن، چونکە نە خواردن و نە خۆریان نامێنێت، ئەم ڕووەکە کە زیادی کرد، دەچێتە ناو بەنداوەکان و زیان بە جووتیاریش دەگەیەنێت کە خەریکی کشتوکاڵە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا