هاتوچۆی ڕاپەڕین: بەهۆی خۆلادان لە ماتۆڕسوارێک دایکێک و 3 منداڵی لە ڕانیە گیانیان لەدەستدا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە تێکشکانی ئۆتۆمبێلەکەی ڕیگەی ڕانیە - قەڵادزێ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا
دیمەنێک لە تێکشکانی ئۆتۆمبێلەکەی ڕیگەی ڕانیە - قەڵادزێ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا

خێزانێک لەسەر ڕێگەی ڕانیە-قەڵادزێ تووشی ڕووداوێکی وەرگەڕان بوون و بەهۆیەوە 4 ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و 1ـی دیکەش بریندارە.

وردەکاریی قوربانیانی ڕووداوەکە

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پێش کاتژمێر 11، لە نزیک گوندی قوڕەگۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی ڕانیە-قەڵادزێ ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویدا. لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، دایکێک و 2 منداڵی دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا. هەروەها باوکی منداڵەکان و منداڵێکی تری تەمەن 4 ساڵان بریندار بوون.

هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە

پۆلیس و هاتوچۆی ڕاپەڕین ڕایانگەیاند، خێزانەکە لە ناحیەی حاجیاوەوە بەرەو قەڵادزێ بەڕێوە بوون. لە کاتی لێخوڕیندا ماتۆڕسوارێک بە ئاراستەی پێچەوانە هاتووە، شۆفێرەکە ویستوویەتی خۆی لە ماتۆڕسوارەکە لابدات، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە کەوتووەتە ناو چاڵێکی سەر ڕێگاکە و بەو هۆیەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.

دۆخی تەندروستیی بریندارەکان

بریندارەکانی ڕووداوەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕانیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، منداڵە 4 ساڵانەکە لە ڕانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە. باوکی منداڵەکانیش کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و تەواوی قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن.

منداڵی سێیەمیش بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا

عەلی عەبدوڵا، پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین لەبارەی دوایین دۆخی زیانە مرۆییەکانی ڕووداوەکە گوتیشى، منداڵی سێیەم  بەهۆی سەختی برینەکەیەوە و لەدوای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا و بەوەش کۆی گیان لەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکەوە گەیشتنە 4 کەس.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا