
هاتنی شەپۆلێکی توندی گەرما بۆ وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەت فەڕەنسا، هۆکار بووە بۆ ڕووبەربوونەوەی زیاتری هاووڵاتییان لە ناوچە ئاوییەکان، بەو هۆیەشەوە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 55 کەس لە کاتی مەلەکردندا خنکاون، ئەمەش بەرپرسانی وڵاتەکەی ناچار کردووە چەندین ڕێکاری توند بگرنەبەر.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرماوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، لە فەڕەنسا زۆرینەی خەڵک ڕوودەکەنە ناوچە ئاوییەکان بۆ مەلەکردن و بەو هۆیەو تاوەکو ئێستا 55 کەس خنکاون.
مارینا فێراری، وەزیری وەرزشی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی 18ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، 55 کەس خنکاون و ترسیان لەوە هەیە دۆخەکە خراپتر ببێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی فەڕەنسا، لە هاوینی ساڵی 2025 دا 409 کەس بە هەمان هۆکار خنکاون، ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەو حاڵەتە بە ڕێژەی 16% زیادیکردووە.
سباستیان لوکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لەبارەی خنکانی هاووڵاتییان لە شوێنە قەدەغەکراوەکاندا ڕایگەیاند، 40 کەس لەکاتی مەلەکردندا خنکاون کە زۆرینەیان گەنج بوون، لەو شوێنانەدا مەلەیان کردووە کە قەدەغەکراو بووە، ئەوەشیان بۆ ڕزگاربوون لە شەپۆلی گەرما کردووە.
هەر لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی گەرمادا، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە خواردنەوەی کهول لە شوێنە گشتییەکانی فەڕەنسادا و فرۆشتنیشی قەدەغە دەکرێت، چونکە بە گوتەی پۆلیسی پاریس، کارلێکی تیشکی خۆر لەگەڵ کهولدا ڕووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
ئەمە دووەم شەپۆلی گەرمایە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ڕوو لە ئەورووپای ڕۆژئاوا بکات، هەر یەک لە وڵاتانی ئیسپانیا، بەریتانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی کیشوەرەکەی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافرمییەکان، لە هاوینی 2025دا 24 هەزار و 400 کەس لە 854 شاری ئەورووپا بەهۆی شەپۆلی گەرما و کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بەو هۆکارەوە گیانیان لەدەستداوە.
پسپۆڕانی کەشناسیی هاوڕان لەسەر ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، دیاردەکانی کەشوهەوا و بەتایبەت شەپۆلی گەرما توندتر دەکات.




.jpg)
