
شارەوانیی سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سێ قۆناغیدا، بەشێکی زۆری ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکەی نۆژەن کردووەتەوە و بڕیارە کارەکان بگەنە ناو گەڕەکەکانیش.
ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستکراوە بە هەڵمەتی قیرتاوکردنی شەقامەکان و تاوەکو ئێستا 200,000 مەتر دووجا (نزیکەی 200 کیلۆمەتر) قیرتاوکردن جێبەجێکراوە. ئەم کارانە لەلایەن کارگەی قیری شارەوانی، تیمەکانی شارەوانی، کۆمپانیاکان و بەڵێندەرانەوە ئەنجامدراون.
سەبارەت بە کۆڵانەکانی ناو شار، گوتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 3,300 مەتر سێجا کۆنکرێت بۆ کۆڵانەکانی شاری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ڕژاوە و پڕۆسەکە بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیانە بەردەوام دەبێت.
ئەنجوومەن حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا شەقامی مەلیک مەحموود (100 مەتری) بە تەواوەتی تەواو کراوە. کارکردن لە شەقامەکانی دیکەش بەردەوامی هەیە تاوەکو کێشەی هاتوچۆی شۆفێران چارەسەر بکرێت.
شارەوانیی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە بەپێی بودجەی بەردەست و تا ئەو کاتەی کەشوهەوا گونجاو بێت، لە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان بەردەوام دەبن. ئەم هەڵمەتە سێ قۆناغییە، دوای تەواوبوونی ڕێگە سەرەکییەکان، قۆناغی خزمەتگوزارییەکانی ناو گەڕەکەکان دەستپێدەکات.
