پێشبینى دەکرێت وەرزى پایزى ئەمساڵى عێراق باراناویى بێت

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی چەند هاونیشتمانییەکی شاری سلێمانی لە کاتی بارانباریندا لەسەر یەکێک لە شەقامەکاندا. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دیمەنێکی چەند هاونیشتمانییەکی شاری سلێمانی لە کاتی بارانباریندا لەسەر یەکێک لە شەقامەکاندا. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

پێشبینى دەکرێت وەرزى پایزى ئەمساڵى عێراق وەرزێکى باراناویى بێت و لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و ناوەڕاست، زیاتر لە ئاستى ئاسایی، باران ببارێت.

مانگەکانى 10 تاکو 12 باراناوی دەبێت

سەنتەرى ئەورووپى بۆ پێشبینییە مەودا مامناوەندەکانى کەشوهەوا لە جیهان، پێشبینى کردووە، وەرزى پایزى ئەمساڵى عێراق، وەرزێکى باراناوى و شێدار بێت و لە مانگەکانى 10 و 11 و 12دا بڕێکى زۆرى باران ببارێت.

باران لە هەرێمى کوردستان ئاستى پێوانەیی تێدەپەڕێنێت

ئاماژەى بەوەشکردووە، بە گوێرەى نموونە ژینگەییەکان، عێراق لەناو ئەو ناوچانەدایە کە ئەگەرى هەیە زیاد لە ئاستى ئاسایی بارانیان لێ ببارێت، بەتایبەت لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و ناوەڕاست، ئەوەش ڕۆڵى دەبێت لە باشکردنى دۆخى دابینکردنى ئاو، ئەگەر کەشى ژینگەیى لە وەرزى پایزدا لەبار بێت.

بۆچوونى شارەزایانى کەشناسى

شارەزایانى بوارى کەشوهەوا دووپاتیانکردووەتەوە، پێشبینییەکانى کەشوهەوا پشت بە نموونەکانى کەشوهەوا و ئامارە دوور مەوداکان دەبەستن، ئەوەش واتاى بارانبارینى بەخوڕ و بەردەوام ناگەیێنێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەى بەرزى ئەگەرەکانى تۆمارکردنى وەرزێکى باراناوى باشترە، بەراورد بە ساڵانى ئاسایی.

پێشبینییەکانى کەشوهەوا، ڕووبەرێکى فراوان لە تورکیا و سووریا و دوورگەى عەرەبى و ئێران دەگرێتەوە، ئەوەش چالاکى نزمە پاڵەپەستۆ لە وەرزى پایز و سەرەتاى وەرزى هاوین بەهێز دەکات و ئەگەرەکانى بارانبارین لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا