
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق پڕۆژەیەکی نوێی بۆ یاساییبوونی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل ئامادە کردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی کۆتاییە، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنمایی تایبەت و بەرامبەر ڕسووماتی ساڵانە ڕێگە بەو کارە دەدرێت، بەڵام سەرپێچیکاران لە هەردوو لا ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەدان بە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاند، پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەزامەندیی سەرووی بۆ وەرنەگیراوە.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لەبارەی قەدەغەبوونی ئێستای جامڕەشکردن دەڵێت، ئێستا ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل ڕێگەپێدراو نییە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت، کە سزاکەش دەگاتە 200 هەزار دینار.
ناوبراو لەبارەی پێشنیازی ناو هەمواری یاسای هاتووچۆوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هاتووچۆ، پێشنیازێک کراوە بۆ ئەوەی بەڕێژەیەکی دیاریکراو ڕێگە بە جامڕەشکردن بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر نەدراوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە هاتووچۆی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی جیاوازیی ڕێنماییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسا و ڕێنمایی جیاواز دەکرێت و ئێمە ڕێزیان لێ دەگرین.
لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕسووماتێکی ساڵانە، ڕێگە بە جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل دەدرێت، بەڵام هەر شۆفێرێک بەبێ ڕێگەپێدان، جامی ئۆتۆمبێلەکەی ڕەشبکات، بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
ڕسووماتی جامڕەشکردن بەگوێرەی ڕێژەی ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکان، لە 200 هەزار دیناری ساڵانەوە دەستپێدەکات بۆ 800 هەزار دینار.





