بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە: ئاگرەکەی سەر سنوور جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە و هەزاران دۆنم سووتاون
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بڵێسەی سەندەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری.
سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە لە بەرەبەیاندا
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، تیمەکانیان شەوی ڕابردوو توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاگرەکە سەریهەڵداوەتەوە. تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ نەکراوە و تیمەکان لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی، بەڵام سەختیی جوگرافیای ناوچەکە بووەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانیان.
ناوچە زیانلێکەوتووەکان و قەبارەی سووتانەکە
بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانی، ئاگرەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سنووری گوندەکانی (دەرەتوێ، هاوار و گریانە) بڵاوبووەتەوە. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە هەزاران دۆنم لە پووش، پاوان و ڕووەکی سروشتیی ناوچەکە سووتاون و زیانی گەورە بە ژینگەی ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجە گەیشتووە.
سەرچاوەی سەرەکیی ئاگرەکە
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دوێنێوە لە دیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکردووە و دواتر تەشەنەی سەندووە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ناو خاکی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، ئاستەنگی ڕێگەوبان و شاخاویی بوونی ناوچەکە وایکردووە تیمەکان بە زەحمەت بتوانن ڕووبەڕووی بڵێسەی ئاگرەکە ببنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا